كوردستان لەبەردەم شاڵاوی خێڵەكانی ئاسیای ناوەڕاست و ئەورووپادا

ph_list12

جوگرافیاناسان و زانایانی زەویناسى، بەوە گەیشتوون كە لە سەردەمی بلایستۆسین (سەردەمی بەستەڵەكی چوارەم)دا، تەوژمێكی سەرما هەردوو نیوەگۆی سەروو و خوارووی زەویی گرتەوە. ناوچەكانى باكوور و ناوەڕاستی كیشوەرەكانی ئاسیا و ئەورووپا و ئەمریكای باكوور وەك نموونە، بوونە ناوچەیەكی بەستەڵەك و سەهۆڵبەندان. ناوچە بیابانییەكانی ئەفریقا و ئاسیا و هەردوو ئەمریكاش بوونە ناوچەیەكی فێنك و دارستانی چڕ و مەڵبەندی ژیان.

دوای تەواوبوونی سەردەمی بەستەڵەكی چوارەمیش، ناوچە سەهۆڵبەندانەكان، قۆناغ بە قۆناغ توانەوە و بوونە ئاو و لافاویان دروست كرد. هەروەها ئەو ناوچانەیش، كە مەڵبەندی ژیان بوون، بوونە بیابیانی گەورە و وشكایی و گژوگیای دڕكاوی و گەرم. ئەو ڕووداوانەش وایان كرد، دانیشتوانەكانیان كۆچ بكەن. كۆچەكەشیان بۆ ناوچەكانی ناوەڕاستی گۆى زەوی بوو، كە خاكی كوردستان بەشێك بوو لێى. بەو ڕووداوەش خاكی كوردستان، كە بەشێك بوو لە ناوچەكانى ناوەڕاستى گۆى زەوی، بووە مەڵبەندێكی نوێی ژیان و ئاوەدانى.

ئەو ڕووداو و گۆڕانكارییانە لەكاتێكدا بوون، كە چەندین كۆمەڵ و پێكهاتەى جیاجیا و بە ناوی جیاجیا لە كوردستاندا خەریكی ژیانی ئاسایی خۆیان بوون. دواتر شاڵاوێكی كۆچڕەویی خەڵك لە كیشوەری ئەورووپا و ئاسیای ناوەڕاستەوە، ڕوویان لە كوردستان كرد.

كۆمەڵى یەكەم لە كیشوەری ئەورووپاوە بە بانی ئانادۆڵ و كۆمەڵەی دووەمیش لە ئاسیای ناوەڕاست و بە زنجیرە چیای قەفقاسدا كۆچیان بۆ كوردستان كرد. هەردوولاشیان كۆمەڵێك خێڵی كۆچەری دواكەوتووی بتپەرست بوون، كە دۆخى سەختی ژیانیان و گۆڕانكارییەكانى ئاووهەوا، لە نیشتمانەكەی خۆیان كۆچی پێ كردبوون. هەردوو شەپۆلەكەش كەوتنە نێوان هەزارەى سێیەم بۆ دووەمى پێش زایین. ئامانجی هەمووشیان، گەیشتن بوو بە ناوچەیەكی ئارام و زەویی بەپیت، تا ژیانی خۆیان و خێزانەكانیان لەسەر دابین بكەن.

لەنێو ئەواندا (چوار) كۆمەڵى سەرەكی دەركەوتن، كە كاریگەرییان لەسەر ژیانی دانیشتووانی كوردستان دروست كرد. ئەوانیش (ئیلامی، حیسی، سكیسی، كیمیری) بوون. (حیسی و ئیلامی) لە كیشوەری ئەورووپا و (سیكسی و كیمیری)ش لە ئاسیای ناوەڕاست كۆچیان كرد. هەریەك لەوانیش خاوەنی ئایین و باوەڕ و زمان و فەرهەنگ و كولتووری تایبەت بە خۆیان بوون.

لەنێو ئەواندا، ئیلامییەكان كۆنترین كۆمەڵى ئەورووپایی بوون، لە سەرەتای هەزارەی سێیەمی پێش زایین ڕوویان لە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست و خاكی كوردستان كرد. دواتر لەو مەڵبەندەی ئێستای خۆرهەڵاتى كوردستان و وڵاتى ئێران، كە بە (ئیلام) ناسراوە، نیشتەجێ بوون و لەگەڵ خەڵكى ڕەسەنى ناوچەكە تێكەڵ بوون. بەدوایدا حیسییەكان ڕوویان لە كوردستان كرد و سەرەتا لە بانى ئانادۆڵ نیشتەجێ بوون و دواتر بەرەو باشوور و باشوورى خۆرهەڵات هاتن، تا لە ڕێگای خاكی كوردستانەوە دەستیان گەیشتە شارى (بابل) و داگیریان كرد.

هەرچیی (سیكسی و كیمیرییەكان) بوون، لە ئاسیای ناوەڕاستەوە بە زنجیرە چیای قەفقاسدا هاتنە خاكی كوردستان. هەردوو كۆمەڵەكەش دواى گەیشتنیان بە كوردستان، لە كۆچڕەوی نەوەستان، بەڵكوو بەشێك لەوان، تا وڵاتى شام و میسر ڕۆیشتن.

هاتنی ئەو كۆمەڵانە لەپاڵ چەندین كۆمەڵى تر، هۆكارى كۆمەڵێك گۆڕانكاریی سیاسی و ئایینى و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بوون. ئەوەش دوای ئەوەى زمان و فەرهەنگ و كولتوورى ئەوان بەو ئایین و باوەڕ و دابونەریتی كۆمەڵایەتی و بنەما ئابوورییانەی هەیانبوو، لەگەڵ زمان و فەرهەنگ و كولتوور و دابونەریتى كۆمەڵایەتی و ئابووریی كوردستان لەیەكیان دا و دۆخێكی نوێیان هێنایە ئارا، كە دواتر دەركەوتنی چەندین كۆمەڵى نوێى لێ كەوتەوە، یەكێك لەوان كورد بوون.

وەك ئەوەی ئیلامییەكان سەرباری دامەزراندنی دەوڵەتى خۆیان، كاریان لەسەر فراوانكردنى سنووری دەسەڵاتیان كرد و شاڵاوەكانیان بۆ سەر خاكی سۆمەر و ئەكەد چڕ كردەوە. لەو كارەشدا ئامانجیان هەبوو. لەلایەك بۆ فراوانكردنى سنووری دەسەڵاتیان و سوود لە داهات و سامانی زۆری ئەو ناوچانە وەربگرن، كە داگیریان كرد. لەلایەكی دیكەوە، بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموون و دەوڵەتداریی ئەوان و لایەنە شارستانییەكانیان وەربگرن و بیخەنە خزمەت دەوڵەت و گەلەكەیان.

حیسییەكانیش كاتێك دەستیان گەیشتە خاكی ئانادۆڵ و كوردستان، دەسەڵاتێكی سیاسییان دامەزراند، لەنێوان ساڵانى (1650- 700پ.ز) درێژەی كێشا، بەو دەسەڵاتەش كاریگەرییان كردە سەر چەندین لایەنی ژیانی سیاسی و ئایینى و ئابووری و فەرهەنگیی كوردستان.
هەرچی سكیسـەكان بوون، لە هەرێمی ماننا نیشتەجێ بوون و میرنشینێكیان لەنزیك (ئاكباتانا) دامەزراند. پاشان بەرەو ناوچەكانی خۆرئاوا پێشڕەوییان كرد، تا شاری (سەقز)ى ئێستایان بەناوی (ساكس) بنیات نا.

لە قۆناغی دواتریشدا دەستیان گەیشتنە شارەكانی (ئەربێلا- هەولێر) و (كرخا-كەركووك). دواى دەركەوتنى دەوڵەتی مادیش لە سەدەی حەوتەمی پێش زایین، كەوتنە ژێر دەسەڵات و قەڵمڕەوی مادەكان. دواتر كاریگەرییان كردە سەر باوەڕ و ئایینى دانیشتووانی كوردستان. بەتایبەت ئەو ڕێوڕەسمە ئایینى و قوربانییانەى پێشكەشى خوداكانیان لە پەرستگاكانیان دەكرد. لەگەڵ شارەزاییان لە بواری جادووگەرى و چارەسەری نەخۆشی لە ڕێگای جادووەوە. كیمرییەكانیش شانبەشانى سكیسەكان، درێژەیان بە ڕەوتى ژیان و شارستانی دا لە كوردستان و دەرەوەی خاكی كوردستان و تا ناوچەكانی شام و میسر پێشڕەوییان كرد.

لێرەوە هاتنی ئەو كۆمەڵانە بۆ كوردستان و شاڵاو و هێرشەكانیان بۆ ناوچەكانی دەرەوەی كوردستانیش، زیاتر سوودی بە گەشەكردنى لایەنی شارستانیی ئەوان گەیاند. گەیشتە ئەوەی، تێكەڵبوونی ئەوان بە كۆمەڵگای كۆنى كوردستان و ئەو كۆمەڵانەی پێشتر تیشكمان خستە سەر، ڕۆڵیان لە تەواوكردنى پێكهاتەی نەژادی كوردستاندا بینی. هەر ئەو واقیعەش وای لە دەیان مێژوونووس و مرۆڤناس و كۆمەڵناس كرد، كە ڕیشەی دانیشتووانی كوردستان بۆ ڕەگەزی (هیندوئەورووپایی)، یان بە واتایەكی تر (ڕەگەزی ئاری) بگێڕنەوە.

ئامانج لەو ریشە نەژادییەش ئەوەبوو، كە (كورد) وەك نەتەوە، كاریگەریی ئەو خێڵ و كۆمەڵانەی كەوتە سەر كە لە ئاسیاى ناوەڕاست و ئەورووپاوە كۆچیان بۆ كوردستان كرد. خودى ئەوەش ڕووداوێكى ئاسایی و بەشێك بوو لە ڕەوتى مێژووى مرۆڤایەتی، كە بەپێى ئەو ڕەوتە، كۆمەڵێك كۆتاییان پێ بێت و كۆمەڵێكى دی بێنە سەر گۆڕەپانی سیاسی. وەك ئەوەی لێرە بەدوا ناوی كۆمەڵانى (سووئى، لۆلۆبی، گۆتى، كاشی، میتانی، نائیرى) بەرەو نەمان چوو و كۆمەڵى نوێ شوێنیان گرتنەوە و بوونە میراتگر و شوێنگرەوەی ئەو كۆمەڵانە، كە (كورد) یەكێك بوون لەو كۆمەڵانە.