ده‌وڵه‌تى ماد له دیدى مێژووه‌وه

(ساڵنامه) به یه‌كێك له گرنگترین پێوه‌ره‌كانی ژیان و زانینی ڕووداوه‌كانی مێژوو ئه‌ژمار كراوه، چونكه به‌هۆى ساڵنامه‌كانه‌وه ڕووداو و و ده‌قی مێژووییه‌كان پشت ئه‌ستوور كراون و هۆكاری ڕه‌سه‌نایه‌تیی ڕابردووی كۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه و گه‌لان و ئایینه‌كانیش بوون. هه‌موو ئه‌وانه‌ش به‌و مانایه بووه، كه له‌لایه‌ك ڕووداوه‌كانی مێژوو به‌هۆی ساڵنامه‌كانه‌وه پارێزراون، له‌لایه‌كی دیكه‌وه هۆكاری گه‌یشتنی ئه‌و ڕووداوانه بوون به نه‌وه‌كانی ئیمڕۆ و گه‌یاندنى به نه‌وه‌كانى داهاتوو. له‌م پێودانگه‌شه‌وه هه‌ر كۆمه‌ڵ و نه‌ته‌وه و گه‌ل و ئایینێك له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی خاوه‌نی ساڵنامه‌ی تایبه‌ت به خۆیان بوون، وه‌ك ساڵنامه‌كانى (چینى، یۆنانى، ڕۆمانى، كیانى، ساسانى،...تاد).
له‌م بواره‌دا جووه‌كان وه‌ك پهیڕهوانێكی ئایینی، كه له‌دێر زه‌مانه‌وه خۆیان به (نه‌ته‌وه‌ی عیبری) ناساندووه بڕوایان وابووه نه‌ته‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆن و ساڵنامه‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بووه، كه به (ساڵنامه‌ی عیبری) ناسراوه. ئه‌وان بۆ سه‌لماندنی ڕاستیی ساڵنامهكهیان، ئاماژه‌یان به مێژووییه‌ك كردووه، كه به‌ر له‌ساڵى (3760پ.ز) یه‌كه‌مین ده‌سه‌ڵاتی سیاسیان له‌سه‌ر خاكی (ئورشه‌لیم) دامه‌زراندووه. له‌و كاته‌شه‌وه تا به ئێستا ده‌گات جووه‌كانی جیهان و له نێویشیاندا ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل كار به‌و ساڵنامه‌یه ده‌كه‌ن. ئامانج له‌و كاره‌شیان سه‌لماندنی ئه‌وه‌یه، كه ئه‌وان به‌ر له (3760پ.ز) خاوه‌نی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی بوون. ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی بۆ عه‌ره‌ب و سه‌راپای نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵ و گه‌لانی جیهانی بسه‌لمێنن، كه ئه‌وان سه‌ر به هیچ ئایین و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر نه‌بوون و خاكی فه‌ڵه‌ستین، كه (ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل)یان تێدا دامه‌زراندووه، خاكی ڕه‌سه‌نی خۆیان بووه و سه‌ربه‌خۆ بوون. ئه‌و ساڵنامهشیان به فه‌رمی له یه‌كه‌مین به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان له (14ی مایسی1948ز) به (5708عیبری) ڕاگه‌یاند.
له لایه‌كی دیكه‌وه مه‌سیحییه‌كانی جیهان و له‌نێویشاندا ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی سه‌ر به ئایینی مه‌سیحین، ڕۆژی هاتنه قسه و خه‌ته‌نه‌كردنی (عیسای كوڕی مه‌ریه‌م-س.خ)ی په‌یامبه‌ریان له حهوتهمین ڕۆژی ته‌مه‌نیدا به‌سه‌ره‌تای (ساڵنامه‌ی زایینی) زانیوه، چونكه ئه‌و په‌یامبه‌ره له (25ی كانوونی یه‌كه‌م) له‌دایك بووه و دوای (حه‌وت) ڕۆژ له له‌دایكبوونی له‌لایه‌ك كه‌وتووەته قسه، تا په‌ره‌ده له‌سه‌ر بێتاوانیی دایكی لاببات، كه بێ ئه‌وه‌ی بچێته ژیانی هاوسه‌رییه‌وه مناڵێكی به ناوی (عیسا - س.خ) بووه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌و خهتهنهكردنهی سیمای پیاوه‌تیی به‌به‌ردا كراوه، تا له‌گه‌ڵ پایه‌ی پهیامبهرایهتیدا بگونجێت، چونكه نه‌ده‌بوو منداڵێكى ساوا، په‌یامبه‌ر بێت، یان بانگه‌شه بۆ پایه‌ی په‌یامبه‌ری بكات. هه‌ربۆیه به وته‌ی گێڕانه‌وه‌كانی مێژوو هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا هاتۆته قسه، خه‌ته‌نه‌ش كراوه. به‌وه‌ش لای باوه‌ڕدارانی مه‌سیحی ئه‌و ڕۆژه به ڕۆژی سه‌لماندی كوڕیه‌تی و ناسینی وه‌ك په‌یامبه‌رێكی مێژووی مرۆڤایه‌تی ناسراوه، بۆیه كردوویانه‌ته سه‌ره‌تایی (ساڵنامه‌ی زایینی).
موسڵمانه‌كانیش كۆچی په‌یامبه‌ری ئیسلام (موحه‌ممه‌د كوڕی عه‌بدولڵا-د.خ) له‌گه‌ڵ (ئه‌بوبه‌كری سدیق-ڕ.خ) له شاری (مه‌ككه)ه‌وه بۆ شاری (یه‌سرب)، به سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی ساڵنامهیهك زانیوه، كه ناوی (ساڵنامه‌ی كۆچی)یه. ئه‌و ساڵنامه‌یه‌ی له سه‌رده‌می دووه‌مین خه‌لیفه‌ی ڕاشدی (عومه‌ری كوڕی خه‌تاب-ڕ.خ) و هه‌ر له لایه‌ن خۆیه‌وه دانرا. به‌وه‌ش ساڵی (622ز) بووه یه‌كه‌مین ساڵی كۆچی و هاوكات كرا له‌گه‌ڵ (1ی موحه‌ڕه‌م). له‌و كاته‌شه‌وه ساڵنامه‌ی كۆچی بووه ساڵنامه‌یه‌كی باوه‌ڕ پێكراوهی مێژوویی بۆ موسڵمانانی جیهان تێكڕا و ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی به‌تایبه‌تى. ڕووداوه‌كه‌ش له شوێنی خۆیدا بوو، چونكه به گه‌یشتنی په‌یامبه‌ری ئیسلام بۆ شاری (یه‌سرب) سه‌ره‌تاكانی ده‌ركه‌وتن و دامه‌زراندنی (ده‌وڵه‌تی ئیسلام) به ناوی (ده‌وڵه‌تی مه‌دینه) ده‌ركه‌وت، كه بووه یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له مێژوودا.
لێره‌وه‌ش تاكه ڕووداوێكی مێژوویی، كه ساڵنامه‌ی كوردی بۆ بگه‌ڕێته‌وه دامه‌زراندنی (ده‌وڵه‌تی ماد)ه. ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی حه‌وت سه‌ده پی زایین له هه‌رێمی موكریانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان دامه‌زرا. دیاره گێڕانه‌وه‌ی ساڵنامه‌ی كوردی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ماد له‌لایه‌ن هه‌ر مێژوونووس و توێژه‌ر و نووسه‌ر و هۆنه‌ری كورد یان خۆرهه‌ڵاتناس و بێگانه‌وه بووبێت، جێگای ستاییشه، چونكه گێڕانه‌وه‌ی تاكه ساڵنامه‌ی كوردی بۆ بیره‌وه‌ریی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێك له‌سه‌ر خاكی كوردستان، كه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌ت و كوردستانیبوونی له‌خۆ گرتبێت و زۆر له ده‌ركه‌وتنی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه نزیك بێت له شوێنی خۆیدا بووه. ئه‌مه‌و جگه له دامه‌زراندنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته هیچ ده‌قێكی مێژووی یان گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك و ئهفسانهیهكیش پشتیوانی له‌وه ناكه‌ن، كه به‌ر له (حه‌وت) سه‌ده كه‌سێكی به ناوی (كاوه‌ی ئاسنگه‌ر) توانیبێتی پادشایه‌ك به ناوی (زوحاك) بكوژێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕووداوه‌كه‌ش بۆ (كۆرشی ههخامنشینی) پادشای هه‌خامه‌نشینی و (ئه‌ستیاگز)ی دوایه‌مین پادشای ماد بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌وا ئه‌و ڕووداوه‌ش وه‌ك له چه‌ندین ده‌قی میژووییدا سه‌لمێنراوه بۆ ساڵی (550پ.ز) ده‌گه‌ڕێته‌وه نه‌وه‌ك بۆ (700پ.ز)، كه ساڵنامه‌ی كوردی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له په‌راوێزی وه‌ها ڕووداوێكی مێژوویی‌دا جێگای خۆیه‌تی له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و ڕاستییانه‌ی سه‌ره‌وه، ئاماژه به‌وه بكه‌ین، كه گێڕانه‌وه‌ی مێژووی ساڵنامه‌ى كوردی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ماد، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه، كه ئێمه كورد به‌ر له (700پ.ز) خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی وه‌ك (ماد) بووین و له نێوان ساڵانی (700-550پ.ز) فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی خاكی كوردستانی كردووه. لاشمان وایه به هه‌ڵه‌دا نه‌چووبین، كه ئه‌وه‌ندی ئێمه‌ی كورد له دوای ڕووخاندنی ده‌وڵه‌تی ماده‌وه عه‌وداڵی ده‌وڵه‌ت و گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی خاكی كوردستان بووین، ئه‌وه‌نده كێشه‌مان له‌گه‌ڵ قاره‌مان و پاڵه‌وانه‌كاندا نه‌بووه، چونكه هه‌ر تاكێك بۆ ته‌نیا قۆناغێكی مێژوویی بڕوانێت، ده‌گاته ئه‌وه‌ی، كه ئێمه‌ی كورد بۆ هه‌ر قۆناغێك له قۆناغه‌كانی مێژوو، خاوه‌نی چه‌ندین قاره‌مان و سه‌ركرده‌ی مێژوویی بووین، بێ ئه‌وه‌ی هیچ یه‌ك له‌وان توانیبێتیان كورد به پچووكترین مافه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانی بگه‌یه‌نن، كه دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستانه، بۆیه گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ر تاكێكی ئێمه‌ی كورد بۆ سه‌روه‌رییه‌كانی ده‌وڵه‌تی ماد و بانگه‌شه‌كردن بۆی، مانای ئه‌وه‌یه ئێمه‌ی كورد له ڕابردوودا خاوه‌ن قه‌واره‌ی سیاسی بووین و له قۆناغێكی مێژوویی و تا به ئێستاش ده‌گات لێمان زه‌وت كراوه. ئه‌وه‌ش ئه‌و ڕێگا ڕاسته‌قینه‌یه، كه ئێمه‌ی كورد به ئاینده‌یه‌كی گه‌ش و ڕووناك ده‌گه‌یه‌نێت.
Dr.kaiwan@yahoo.com
سه‌رچاوه‌كانى ئه‌م باسه:
ئینجیل: كتێًبی پیرۆزی ئایینى مه‌سیحی.
محمد بن جریر الگبری: تاریخ الگبری.
د. كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر: كورد و مێژووى جه‌ژنى نه‌ورۆز.