باکوری کوردستان

ژمارەی دانیشتووانی باکووری کوردستان ٢٠ ھەتا ٢٥ ملیۆن کەس دەبێت.

kurdistan2

باکووری کوردستان یان کوردستانی تورکیا (بە کوردیی باکووری: Bakurê Kurdistanê) ناوێکی نافەرمییە بۆ بەشێک لە خاکی کوردستان کە دوای ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەر و گۆڕینی بە پەیماننامەی لۆزان، خراوەتە ژێر دەسەڵاتی تورکیا.
ئەم پارچە دابڕاوەش وەک پارچەکانی دیکە زمانی کوردی و نووسین و چالاکی کوردانەی لێ قەدەغە کرابوو بۆ ماوەیەکی زۆر، لەدوای حوکمی ئەتاتورکەکانەوە کوردانی باکووری کوردستان تووشی ڕاوەدوونان و شوێنکەوتن و هەڕەشەی لەناوچوون بوونەوە و چەندین شۆڕشیان لەو ماوەیەدا دژی دەسەڵاتی ئەوکاتی تورکیا کە پێشتر چەندین بەڵێنی پێدابوون و بەجێی نەگەیاندن هەڵگیرساند، وەک شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شێخ ڕەزای دەرسیم و کوردەکانی ئامەد و ئاگری داخ.
باکووری کوردستان لەگەڵ هەریەک لە هەرێمی کوردستان و تورکیا و ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) و ڕۆژئاوای کوردستان دراوسێیە.
لە سەدەکانی ناوەڕاست ناوچەکە لە ژێر دەستی میرنشینە کوردییەکان بوو و لە سەدەکانی ١٠ و ١١ میرنشینی مەڕوانی حوکمی ناوچەکەی دەکرد، لە سەدەی ١٣ـیش میرنشینی هەکاری لە ناوچەکانی هەرێمی جۆلەمێرگ و شاری وان دەسەڵاتدار بووە، لە سەردەمی عەباسییەکان میرنشینی بەدلیسیش دەسەڵاتداری کردووە کە بنەماڵەی بەدرخانییەکان بەرێوەیان بردووە و تاوەکوو دواتر دەسەڵاتی عوسمانییەکان هاتە نێو کوردستان و کردیە بەشێک لە دەوڵەتی عوسمانی.

بەپێی نووسراوەکانی ساڵی ١٥٢٧ دەسەڵاتە بەهێزەکانی ناوچەکانی باکوور بە ویلایەتی کوردستان نووسراون و خاوەنی دەسەڵاتداری کورد بوون و بەڕێوبردنی خۆییان هەبووە لە ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی، بەڵام ئەوانەی دەسەڵاتیان لاواز بووە لەگەڵ ناوچەکانی دیکە تێکەڵکراون و کراون بە یەک سەنجاک یان سنجق.

بەپێی کتێبی یاسا کە لەلایەن ئەولیا چەلەبی باسکراوە دوو یەکەی ئیداری جیاواز هەبووە لە چاو سنجقەکانی دیکە، کە یەکەی سنجقی کوردەکان کە دەسەڵاتی ئەرستۆکراتی پشتاوپشتیان هەبووە، لەگەڵ یەکەی حکومەتی کوردی، سنجقی کوردان دەبوایە باج بدەن و سەرباز بنێرن بۆ سەربازی بەڵام حکومەتە کوردییەکان پێویستی نەدەکرد باج و سەرباز بدەن بە دەسەڵاتی عوسمانی و عوسمانییەکان کاریان بەسەریانەوە نەبووە، لە کۆتایی دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا دەسەڵاتی کوردەکان سەربەخۆ بوون و جیابوونەوە.

بەپێی توێژینەوەکانی ساڵانی ١٨٧٨ کوردەکان بە زۆری لە ناوچەکانی ئەرزێڕۆم و قارس و ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵدابوون، بەدرێژایی مێژوو کوردەکان تووشی کارەسات و کوشتن و داگیرکردن بوونەتەوە، کوردانی باکوور لەدوای ساڵی ١٩٢٣ و دروستبوونی کۆماری تورکیا بە دەستی ناسیۆنالیزمەکانی تورکیا چەندین کارەساتیان تووشبووە، هەریەک لە کپکردنی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و کوشتارگەی دێرسیم و زیلان و کپکردنی شۆرشی ئاگری داخ بە بۆمباران و گەمارۆدان لە بەرپەرچدانەوەکانی کەمالییەکان بوون بۆ کوردەکان.

لەو ماوەیەشدا خاوەنی چەندین کەسایەتی گەورە بووە لە بواری نەتەوایەتی و ئایینی کە سەعید نوورسی یەکێکە لە دیارترینیان.

کوردانی باکوور هەتاوەکوو ساڵی ١٩٩١ بە تورکی چیاکان ناودەبران و بوونی کورد دانی پێدانەدەنرا، هەریەک لە وشەکانی کورد و کوردستانیش لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە قەدەغە کرابوو بە هەر زمانێک بێت، لەدوای شۆڕشەکانی ساڵی ١٩٨٠ـەوە زمانی کوردی لە شەقامەکانیش قەدەغەکرا و زۆرێک لەو کەسانەی بە کوردی قسەیان کرد و گۆرانییان وت لەو ماوەیەدا دەستگیرکران، خوێندن بە کوردی لە تورکیا ڕێگەپێنەدراوە و تەنیا وەک وانەیەک لە چەند ناوچەیەک ڕێگەپێدراوە.

لە ساڵانی نەوەدەکان هەزاران کوردی باکوور کۆچیان بۆ شارەکانی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە و ئیزمیر کرد و بە شێوەیەک کە کوردانی ئەستەنبووڵ لە ساڵی ١٩٩٥ گەیشتبوونە ٢ ملیۆن کەس، بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کوردەکانی ئەستەنبووڵ لە ساڵی ١٩٩٨ ژمارەیان ٣ ملیۆن کەس بووە، و بە پێی ڕاپۆرتەکانی سەرژمێری %٣٥ـی دانیشتوانی شارە تورکییەکان کوردەکانی باکوورن.

باکووری کوردستان دەکەوێتە باکووری هەرێمی کوردستان و عێراق و گەورەترین پارچەی دابڕاوی کوردانە، چەندین دەریاچە و ڕووباری تێدایە و چیاکانی بەرزییان دەگاتە زیاتر لە ٣٧٠٠ مەتر کە بەشێک لە چیاکانی تۆرۆس پێکدێنن، کەشوهەوایەکی کیشوەری هەیە و هاوینی گەرم و فێنک و زستانی زۆر ساردە.

هەریەک لە ڕووباری فوڕات و دیجلە لە باکووری کوردستانەوە هەڵدەقوڵێن و فوڕات بە درێژی ١١١٠ کم بەناو کوردستاندا دەڕوات و دیجلەیش ٨٤٧ کیلۆمەتری لە کوردستاندایە، هەروەها خاوەنی دەریاچەی وانە کە ڕووبەرەکەی ٣,٧٦٥ کیلۆمەتری دووجایە ١٠٠ مەتر قووڵە، ناوچەیەکی زۆر بەپیتە و بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵی زۆری لێیە و ناوچەیەکی زۆری دەشتاییش لەخۆی دەگرێت، خەڵکی زیاتر بە کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵەوە خەریکن و ئابووری ناوچەکە دابین دەکات.

بەهۆی جەنگی پارتەکانی کوردانی باکوور و سوپای تورکیا هەزاران گوند خاپوور بوون و ئێستا چۆڵکراون و خەڵکیش بە ڕێژەیەکی زۆر لە گوندەکان نامێننەوە بەهۆی باری ئاسایشەوە و شاری ئامەد زۆرترین کورد لە خۆی دەگرێت و ناوچەکانی دیکە بەهۆی شەڕەوە چۆڵبوونیان پێوەدیارە.