shar9

سەردەشت شارێکی رۆژھەڵاتی کوردستانە. نێوان سنووری ئێران و عێراق ویەکێک لە شارەکانی ناوچەی موکریان و سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایە.
شارستانی سەردەشت، یەکێک لە شارستانەکانی ئێرانە کە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ھەڵکەوتووە. ناوەندی ئەم شارستانە شاری سەردەشتە. بە پێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠٠٦ ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارستانە ١٠٤،١٤٦ کەس بووە.

سەردەشت لە قەراغی کێوی گردەسوور، لەسەر زنجیرەچیاکانی زاگرۆس و لە نزیکی سەرچاوەیەکی ئاوی ھەڵکەوتووە. بەشێکی زۆری ئاوی خواردنەوە و ئاوی کشتوکاڵ لەو سەرچاوەیە دابین دەبێت کە ئاوەکەی لە کێوی گردەسوور و کێوە سنوورییەکانەوە دێتە خوار.

شارەکە بە کەشوھەوایەکی تاڕادەیەک سارد و فێنک بەناوبانگە، ساڵانە بەفر و بارانبارینێکی زۆر دەبارێت، سەردەشت خاوەنی مێژوویەکی کۆن و دێرینە کە کۆنترین شوينەواری دۆزراوە لەو شارە، مێژووکەی بۆ ٦٠٠٠ ساڵ پێش زایینی دەگەڕێتەوە.

شارەکە لە ساڵی ١٩٨٧ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا. شاری سەردەشت کەوتووەتە باشووری شارەکانی پیرانشار و مەھاباد و ھەروەھا دەکەوێتە ڕۆژاوای بانە و باشووری ڕۆژاوای بۆکان. سەردەشت دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی قەڵادزێ و پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان. شاری سەردەشت ١٢٠ کیلۆمەتر لە مەھاباد، ٢٢٥ کیلۆمەتر لە ورمێ، ٧٤٠ کیلۆمەتر لە تاران، ١٨٩ کیلۆمەتر لە ھەولێر و ٣٥ کیلۆمەتر لە قەڵادزێ دوورە.