ئامەد یان دیاربەکر (بە کوردیی باکووری: Amed , تورکی: Diyarbakır) یەکێک لە گەورەترین و مێژوویترین شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، زۆرینەی دانیشتووانی شارەکە کوردن، هەروەها گەورەترین شاری کوردنشینە لە تورکیا.[٢] دیاربەکر لە دوای گازی ئانتەپ دووەم گەورەترین شارە لە ھەرێمی ئاناتۆلیای باشووری ڕۆژھەڵات.

ڕووباری دیجلە بە شارەکەدا تێدەپەڕێت، قەڵای ئامەد بە دەوری شارەکەدا خوولاوەتەوە کە بە دووەم گەورەترین دیواری جیهانیش دادەنرێت بەدوای دیواری مەزنی چین.

زۆر جار شارەکە بووەتە مەیدانی ململانێ و پێکدادانی سەربازی نێوان کۆمەڵەی سەربەخۆخوازان و حکوومەتی تورکیا. لە دوای پەیمانی سیڤەر، بەشێوەی دیفاکتۆ ئامەد وەک پایتەختی کوردستانی گەورە تەماشا دەکرا، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک ڕووداوی سیاسیی ئەوا نەچووە سەر. ھەروەھا ئەم شارە ناوەندی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان لە دوای ساڵی ١٩٨٤ بەو لاوەیە.

ئەو ناوچەیەی کە شاری ئامەدی لە ئێستادا دەگرێتەوە ئەوا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردین.

ناوی دیاربەکریش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ھاتنی ئیسلام بۆ ئەو ناوچەیە، کە خێڵی (بەنی بەکر وائل) تێیدا نیشتەجێ بوون لە سەردەمی معاویە دا.

دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی ٢٠١٨، زیاتر لە ١،٧٠٠،٠٠٠ کەس بووە کە زۆربەیان بە بە زمانی کوردی قسه دەکەن. ھەروەھا زۆربەی خەڵکی ئەم شارە موسڵمانی سوننین.

قەڵای ئامەد یان قەڵای دیاربەکر (بە کوردیی باکووری: Sûra Amedê، بە تورکی: Diyarbakır Kalesi) قەڵایەکی مێژوویییە، کە دەکەوێتە ناوچەی سوور لە ئامەد، تورکیا. ساڵی ٢٠٠٠، یوونێسکۆ قەڵاکەی لەلیستێکی نافەرمی دانا. لە ساڵی ٢٠٠٥، بەفەرمی بووە یەکێک لەشوێنەوارەکانی میراتی جیھانیی یوونێسکۆ لەپاڵ باخچەکانی ھەوسەل، بەپێی سەرچاوەکانی یوونێسکۆ مێژووی قەڵاکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٤٨٨، لەسەردەمی دەوڵەتی ڕۆمی کۆن و فەرمانڕەوای کۆسەنتینی دووەم دروستکراوە.

دیوارەکانی قەڵاکە، لەدوای دیواری چین بەرزترین و درێژترین دیواری بەدوای یەکەوەن لەئاستی جیھان.[١٤][١٥] قەڵاکە چەند دەروازەیەکی ھەیە، سەرەکییەکەیان ناوی چیا (Dağ)، دەروازەی ئورفە، دەروازەی ماردین و دەروازەی نوێ (Yeni).