ڕەواندز شارێکە کە دەکەوێتە پارێزگای ھەولێر، عێراق، لە نزیک سنووری ئێران و تورکیا. ڕەواندز ١٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژھەڵاتەوە لە تاڤگەی بێخاڵەوە دوورە. قەزایەکە ١٢٣ کیلۆمەتر لە ھەولێرەوە دوورە. قەزایەکە چواردەورە کراوە بە چیاوە، چیای کۆڕەک لە باشوورییەوە، چیای ھەندرێن لە باکوورییەوە، چیای زۆزیک لە ڕۆژئاوایەوە و چیای برادۆست لە ژۆژھەڵاتییەوە.

ڕووبەری قەزای ڕەواندز ١٤٨٬٤٦٥کم دووجایە و لە ٤٣ پێکدێت، باری ڕووی زەوی بەم شێوەیەیە: دەشت:٢٠٪، گرد: ٢٠٪، چیا:٦٠٪، لە سەر ھێڵی پانی (٣٧) وھێلی درێژی (٤٤)ـە. ھەڵکەوتی ئەم شارە لە نێوان کۆمەڵێک چیا و دۆڵدایە کە لەباکووردا چیای (زۆزک و حەسەن بەگ) ە لەخۆرھەڵاتدا (چیای ھەندرێن و دۆڵی باڵەکایەتی) و لە خۆرئاواشدا گردۆڵکەکانی (باپشتیان و گۆرزە و چیای برادۆست)ـە لە باشووریشدا (چیای کۆڕەک و ئارمۆشە). ڕەواندز بەیەکێک لەشارۆچکە جوانەکانی ھەرێمی کوردستان دادەنرێت، ڕێژەی دانیشتوانی (٢١٢٨٠) کەسن، چەندان ناوچەی گەشتیاری گرنگی لەدەوروبەر دایە، وەک بێخاڵ و جوندیان و شنگلبانە.

مێژووی ئەم شارە بۆ سەردەمانی پێش زایین دەگەڕێتەوە و لەگەلێک سەردەمدا پایتەخت بووە. لە ساڵی (٧٢٢ پ. ز - ٧٠٥ پ. ز) پایتەختی دەوڵەتی ئۆراتۆ بووە کە بە (موساسر) ناویان دەبرد، لە سەردەمی میرنشینی سۆرانیشدا پایتەختی ئەم میرنشینە بووە، ئەم شارۆچکەیە لە ڕابردوو و ئێستادا مەڵبەندێکی پێشکەوتوو بووە لە ناوچەکەدا و لە ساڵانی (١٨١٣ز) دا کارگەی دروست کردنی چەک و تەقەمەنی و سکەی ڕاکێشانی دراوی لێ بووە، کە(وەستا ڕەجەب) سەرپەرشتی دەکرد. ھەر لەم شارۆچکەیەدا لە ساڵی (١٩٢٤) یەکەم ژمارەی گۆڤاری (زاری کرمانجی) لەلایەن حوزنی موکریانی بەچاپ گەیەنراوەو ئێستا ڕواندز یەکێکە لەم شارۆچکانەی کە گەشتیاران ساڵانە سەردانی دەکەن.

تۆپی وەستا ڕەجەب لەسەرەتای سەدەی (١٩)ی زایینیدا میر محەممەد پاشای ڕەواندزی توانی سنووری میرنشینی سۆران فراوان بکات و بۆ پاراستنی ئەو سنوورەش بیری لە دروستکردنی کارگەی چەک و تەقەمەنی کردەوە. وەستا ڕەجەب وەک داھێنەرێکی ناوچەکە دەستی بە دروستکردن و بنیادنانی ئەم کارگەیەی کرد و یەکەم تۆپی عیار (٢) لە ساڵی ١٨١٤ز دروست کرد. لەدوای ماوەیەکدا توانی چەندان تۆپی دیکە بە عەیاری جیاواز دروست بکات، کە ئێستا یەکێکیان لە شارۆچکەی ڕەواندز پارێزراوە و یەکێکی دیکەش لە مۆزەخانەی سەربازی عێراقی پارێزراوە. ھەر لەم کارگەیەدا (دراو) و شمشێر و خەنجەر و کەل و پەلی ناوماڵ و ڕاکێشانی سکەی دراوی لێ دروست دەکرد. ھەندێ بۆچوونی مێژووی دامەزراندنی قەزاکە بۆ ساڵانی٦٢٧ و ٩٠٤ ی کۆچی دەگەڕێننەوە.

ڕەگ و ڕیشەی ناوی ڕەواندز لێکدانەوەی بیروڕای جیاواز لە خۆی دەگرێت، سەرەتا ھەندێکیان ئامەژە بۆ ئەوە دەکەن کە لە دوو وشەی (ڕەوەند+ دز) پێک ھاتووە، ئەمەش دەگێڕنەوە بۆ نێوی خێلی ڕەوەندی کە نیشتەجێ ی ناوچەکە بوون، دزیش بە مانای قەڵا دێت، واتە قەڵای خێڵی ڕەوەندی بوو و بە تێپەربوونی کات سواوە بۆتە(ڕەوەندز- ڕەواندز)، ھەندێکی تر سەرچاوەی ناو ڕەواندز بۆ (ڕوبین دژ) دەگێڕنەوە کە بە مانای قەڵای پۆڵایین دێت، ھەڵگڕانی ئەو بیڕورایەش ئەو دێرە ھۆنراوەیە دەکەن بە بەڵگەی بۆ چونەکانیان کە میر محەممەد پاشای ڕەواندزی (١٨١٣–١٨٣٦) لەسەر یەکێک لە دەڕگای کۆنگەرەکەی ڕەواندز نووسیویەتی: ((دوکنگرم ڕانھام برد و پیکر (رواندز) شد (روین دژ) بادیگر) واتا (دووبرجم بیناکرد لە سەر دوو بنەما ڕەواندز دیسانەوە بووە بە قەڵای پۆڵاین (ڕۆبین دژ)، لەلەیەکی دیکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ڕەواندز لە دوو وشەی ڕەوان یان ڕەھوان+ دز پێک ھاتووەو مانای شوێنی حەوانەوە دە بەخشێت، بە تایبەت ڕەوەندەکان لە کاتی ھاموشۆکردنیان لە گەرمیان و کوێستانەکان کردویانەتە وێستگەی حەسانەوەیان، ھەروەھا محەمەدی مەلا کەریمیش ئاماژە بۆ بیروڕایەکی تر دەکات ودەڵێ "..... سەرەڕای ئەمە ئەشکرێ ئەگەر (ڕوواندز) ڕاستر بێ لە (ڕەواندز)، بە واتای (قەڵای ڕووان) بێ واتە (قەڵای چەمان)، واتە ئەوقەڵایەی کەتووەتە سەرچەم، چونکە (ڕۆ) لە کوردیا بە مەعنای چەم زۆر بە کاردێ .... ، ڕەواندزیش چۆمێکی گەورە بە نزیکیدا ئەڕوا.