ناسر رزازی

ساڵی ١٩٦٨ لە تەمەنی ١٤ ساڵی‌دا بۆ یەکەمجار چووە سەر شانۆ و گۆرانیی «دەسماڵێ و دەسماڵێ» بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆی شاری سنە تۆمار کرد٠

personen73

ناسر ڕەزازی ھاوینی ١٩٥٥ لە سنە لە بنەماڵەیەکی دەستکورت و قەرەباڵغدا لەدایکبووە. لە ٦ ساڵیدا دەچێتە خوێندنگای ھیدایەتی سنە. ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ مەرزیە فەریقی زەماوەند دەکات. لە دوای وەرگرتنی دیپلۆمی وێژە دەکرێ بە مامۆستای سەرەتایی بەڵام پێش ئەوەی کارەکەی دەست پێبکات، ڕاپەڕینی ١٩٧٩ی ئێران ڕوو ئەدات پاشان دەخرێتە زیندان. لە دوای ڕزگار بوونی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا دەچنە شاخ و دەبن بە پێشمەرگەی کۆمەڵە. ساڵی ١٩٨٥ لە دوای وازھێنان لە پێشمەرگایەتی لەگەڵ مەرزیە و دوو منداڵەکەی دڵنیا و ماردین پەنا دەبەن بۆ وڵاتی سوید. لەوێ دەبن بە خاوەنی کوڕێکی تر بە ناوی کاردۆ. ساڵی ٢٠٠٤ دەگەڕێنەوە بۆ باشووری کوردستان و لە شاری دوکان نیشتەجێ دەبن. ھاوینی ساڵی ٢٠٠٥ مەرزیە لە نەشتەرگەرییەک لە سویددا دەمرێت.

ناسری ڕەزازی لە ژیانی گۆرانی وتنی‌دا لەگەڵ تۆفیق ڕەزایی، موحەممەد ماملێ، عەزیز شاھڕۆخ، موحەممەد جه زا،جەماڵ موفتی، نەجمەدین غوڵامی و مەرزیە فەریقی گۆرانیی تۆمار کردووە.

ساڵی ١٩٨٥ ئاوارەی ھەندەران دەبێت، و ساڵی ١٩٩٠ ھاتەوە بۆ باشووری کوردستان و لەنێو خەڵک دا گۆرانی تۆمار کرد. ناسر ئەگەرچی لە سەرەتای گۆرانی وتنی‌دا بە لاسایی کردنەوەی دەنگی گۆرانیبێژانی کورد دەستی پێکرد، بەڵام دوای ماوەیەک بوو بە خاوەن مەکتەب لە گۆرانیی کوردیدا. لە مەقام‌دا شێوازی مامۆستا تاھێر تۆفیق، ھەروەھا قەتارەکانی موحەممەد ماملێ، و لەبەستەش دا زیاتر لەدەنگی حەسەن زیرەک کەڵکی وەرگرتووە.
ناسر ڕەزازی جگە لە کاری گۆرانی وتن شارەزایی زۆری ھەیە لە ئەدەبیاتی کوردی و چەندین بەرھەمی ئەدەبی ھەیە کە بریتن لە ھۆنراوە چوارینە، و ئەمەش یەکێکە لە بەرھەمە شیعریەکانی.

خەمم سەربەرز و شاییم بێ دەماخە
دڵم بۆیە بەشی ھەر ئۆف و ئاخە
بڵێسەی ئاگری جەرگم وەھایە
ئەڵێی کەسی مردووە، ھێندە بەداخە

بەرهەمەکانی ناسر رزازی:
دێوانە خۆم (١٩٧٩)
گۆمەشین (١٩٨٢)
لە گوڵان (١٩٨٤)
ھەڵەبجە (١٩٨٨)
ڕەزیانە (١٩٩٣)
نیاز (١٩٩٤)
بە پیرۆز (١٩٩٥)
خەمی نان (١٩٩٦)
کرماشان (٢٠٠٠)
ئێوارەیە (٢٠١٠)
بیروری ٢٠١٢