سەید عوبەیدوڵا ئەیوبیان

١٣٠٦ - ١٣٨٨ هەتاوی

personen36

دكتۆر (سەید عوبەیدوڵا ئەیوبیان) كەسایەتی ناسراوی سیاسی و وێژەیی و ئەندامی كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستان (ژ.ك) و یەكێك لەهەڵسوڕاوانی سەردەمی كۆماری كوردستان بوو، ئەو كاتە لەشاری مەهاباد لەتەمەنی (14) ساڵیدا دەقی شانۆگەری (دایكی نیشتمان)ی نووسی كە لەشاری مەهاباد نمایشكرا. لەو شانۆگەرییەدا (عەبدوڵا نەهری) رۆڵی دایكی نیشتمانی دەبینی و ئەیوبیان لەگەڵ (سیروس حەبیبی) رۆڵی دوو منداڵەكەی دایكی نیشتمانیان دەگێڕا و شیعرەكانی ئەو ئۆپێرایە بەرهەمی (عەبدوڵڕەحمان شەرەفكەندی ـ هەژار) بوو. ئەیوبیان بەناوی هێدی دەستی بەنوسینی شیعر كردووە و لەرۆژنامەی نیشتمان چاپی نهێنی كۆمەڵەی (ژ.ك)، شیعرەكانی بڵاوبووەتەوە.
دوابەدوای دامەزراندنی حزبی دیموكرات و هەڵوەشاندنەوەی (ژ.ك)، ئەیوبیان لەدژی تێكچوونی (ژ.ك) بووە و هەموو كاتێك خۆی وەك ئەندامی (ژ.ك) بینیوە. ئەیوبیان هەموو كاتێك باسی لەپەیمانی سێ سنور كردووە كە كاتی خۆی لەنێوان كوردانی سێ بەشی گەورەی كوردستان لەسەر سنوری ئورمیە بەستراوە و یەكێتی نەتەوەیی و یەكپارچەیی كوردستان كە ئامانجی (ژ.ك) بووە، بەئامانجی خۆی زانیوە.

سەید عوبەیدوڵا ئەیوبیان لەیەكەمین رۆژی نەورۆزی ساڵی ١٩٢٨ لەشاری مەهاباد لەدایك بووە. ساڵی ١٩٤٢ لەمەهاباد كە كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستان (ژ.ك) درستبوو دكتۆر سەید عوبەیدوڵا ئەیوبیان كە ئەوكات تەمەنی ١٤ ساڵ بوو لەگەڵ براكەی بەناوی محەمەد ئەیوبیان لەدامەزرێنەرانی كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستان بوون و بوونە ئەندامی كۆمەڵەی (ژ.ك) و (ئەیوبیان) یەكێك بوو لەكەم تەمەنترین ئەندامانی ئەو كۆمەڵەیە.

دكتۆر سەید عوبەیدوڵا ئەیوبیان وەك كەسایەتییەكی خاوەن هەست لەهەمبەر كێشەی كورد لەسەردەمی ئێستادا، زۆر پەرۆشی ئەزموونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو. بۆیەش بەتامەزرۆییەوە بۆ شاری هەولێر سەفەری كرد و بەشێوەی فەرمی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیداری كرد. ئەیوبیان لەماوەی ساڵانی كار و تێكۆشان و خزمەتی خۆیدا بەدەیان كتێب و وتار و لێكۆڵینەوەی وێژەیی پسپۆڕانەی چاپ و بڵاوكردەوە. یەكێك لەتایبەتەمەندییە گرنگەكانی ئەو كەسایەتییە پاراستنی رەسەنایەتی فەرهەنگیی لەزمان و نوسین و ئاخاوتنی كوردیدا و هەڵوێستی نەگۆڕی سیاسی و جۆری جل و بەرگی تایبەتی كوردی ئەو بوو.

دكتۆر سەید عوبەیدوڵا ئەیووبیان نووسەر، شاعیر، زمانناس، مێژوونووس، فەرهەنگناس و لێكۆڵەری ناوداری زمان و وێژەی كوردی كە دوایین یادگاری كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستان (ژ.ك) بوو، لەتەمەنی ٨٢ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشی لەشاری مەهاباد كۆچی دوایی كرد.
لەبەرهەمە چاپكراوەكانی دكتۆر سەید عوبەیدوڵا ئەیوبیان بریتن لە
بەرهەمەکانی سەید عوبەیدوڵا ئەیوبیان :
چریكەی مەم وزین بەهەر دوو زمانی كوردی و فارسی لە ٢٧٧ لاپەڕەدا
رۆڵی قارەمانی رۆژهەڵات سوڵتان سەلاحەدین ئەیووبی لەبەردەم مێژوودا لە ١٨٣ لاپەڕەدا
و گەلێك بەرهەمی چاپ نەكراویشی هەیە