هێمن
سید محمد امین شێخ الاسلامی ناسڕاو بە هێمن
هێمن له شه‌وی ٤ له‌سه‌ر ٥ ی مانگی مه‌ی ساڵی ١٩٢١ له گوندی لاچین-ی نزیک شاری مه‌هاباد له‌دایکبووه. شه‌وی ١٨ له‌سه‌ر ١٩/٠٤/١٩٨٦ له شاری ورمێ هێمن كۆچیدوایی ده‌کات. به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه ١٩/٠٤/١٩٨٦ ته‌رمه‌که‌ی به‌ره‌و مه‌هاباد به‌ڕێده‌کرێت. پاشنیوه‌ڕۆی هه‌مان ڕۆژ له مه‌راسیمێکی پڕشکۆداو له‌نێو ئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌ردا له گۆڕستانی بوداق سوڵتان به‌خاك ده‌سپێردێت.
خۆی ده‌یگوت، باوکم ناوی ناوم « سید محمد امین شێخ الاسلامی مکری » شاعیری هیچ قازانجێکی بۆ من نه‌بووبێ، ئه‌و قازانجه‌ی بووه، که ئه‌و ناوه دوور و درێژه‌ی له کۆڵ کردوومه‌ته‌وه، و بوومه‌ته هێمن.
باوکی ناوی سه‌ید حه‌سه‌ن شێخ الاسلامی موکری بووه. سه‌ید حه‌سه‌ن له تۆڕه‌ی مه‌لا جامی گه‌وره بووه، که پشتاوپشت له سابڵا‌غ (مه‌هاباد) ی ئه‌مڕۆ دا ژیاون. دایکیشی ناوی زێنه‌ب بووه، کچی شێخی بوڕهان بووه. خانه‌دانی شێخی بوڕهان یه‌کێک له بنه‌ماڵه گه‌وره‌کانی ناوچه‌ی موکریان بوون. هێمن له به‌هاری ساڵی ١٣٠٠ ی هه‌تاوی دا له گوندی لاچین نزیکی مه‌هاباد له دایک بووه. پێنج خۆشک و برایکی هه‌بووه. مامۆستا منداڵی نێونجی بووه. یانی برایه‌ک و دوو خوشکی له خۆی گه‌وره‌تر بوون. ماڵی بابی مامۆستا ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌ست ڕۆیشت‌و بوون. له نێو موکریان دا به خۆشناوی و نان بده‌یی و میوان دۆستی به ناوبانگ بوون.
مامۆستا هێمن له ته‌مه‌نی ٥-٦ساڵی دا ئه‌لف و بێ و خوێندن و نووسین له دیوه‌خانی بابی، له لای مامۆستا سه‌عید ناکام فێرده‌بێ. دوای ئه‌وه چووه‌ته مه‌هاباد و له مه‌دره‌سه‌ی سه‌عاده‌ت تا پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی به فارسی ده‌رسی خوێندووه. پاشان له وێوه چوه‌ته خانه‌قای بوڕهان له ماڵی خاڵی ده‌رسی ئایینی خوێندووه. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا هۆگری شێعر و ئه‌ده‌بییات بووه. خۆی ده‌ڵێ له گه‌ل مامۆستا هه‌ژار دا شێعری فارسی و کوردیمان زۆر ده‌خوێنده‌وه. دوایه خۆشمان ورده ورده هه‌ڵبه‌ستمان داناوه و بۆ یه‌کدیمان خوێندۆته‌وه. خۆی ده‌نووسێ که له‌گه‌ڵ هه‌ژار شه‌و و ڕۆژ خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆکی وه‌کوو ئه‌سکه‌نده‌رنامه، ئه‌میرئه‌رسه‌لان، شێرۆیه، حوسین کوردی شبسته‌ری، خاقانی و هتد بووین.
مامۆستا ده‌نووسێ که خانه‌قای بوڕهان جێگای خوێندن و فێربون بوو. چونکه جێگای هه‌موو جۆره مرۆڤێکی لێ ده‌بووه. له هه‌موو بابه‌تێکی لێ بوو. دوای ٤ ساڵ له خانه‌قادا که زۆر خۆشم ڕابوارد، گه‌ڕامه‌وه بۆ گوندی کولیجه، که مڵکی خاڵی خۆم بوو. له‌وێش به‌رده‌وام ده‌بێ له سه‌ر خوێندن و دوایه ده‌چێته خزمه‌ت مامۆستا( فه‌وزی) مه‌لای گه‌وره و ئه‌دیب و مامۆستای دڵسۆزی مامۆستایان. مامۆستا فه‌وزی زۆر دڵسۆز بووه بۆ لاوه‌کان، و زۆریانی په‌روه‌رده کردووه. هێمن خۆی نووسیویه، و ده‌ڵێ من ده‌بێ بڵێم ده‌سکردی فه‌وزی م، ئه‌و هه‌ڵیوه‌شاندمه‌وه، تێکی هه‌ڵشێلامه‌وه، و سه‌ر له نوێ دروستی کردمه‌وه. ئه‌و حاجی قادری کۆیی، نالی، کوردی، سالم، مه‌وله‌وی، حه‌ریق، مه‌حوی، ئه‌دیب و وه‌فایی پێ ناساندم. هه‌ر ئه‌و شێعره‌کانی ئه‌و مامۆستایانه‌ی بۆ شیکردمه‌وه، به‌ڵام سوێندی دام که قه‌ت به فارسی شێعر نه‌ڵێم، هه‌تا بۆم بکرێ به کوردی بنووسم. من و مامۆستا فه‌وزی وه‌کوو شاگرد و مامۆستا نه‌بووین، به‌ڵکو پیر و مورید بوون. ئه‌و منی به کوڕی خۆی ده‌زانی، و منیش ئه‌وم وه‌کوو باوکی خۆم خۆش ده‌ویست. با ئه‌وه‌ش بڵێم که من مامۆستایه‌کی دیکه‌شم له گوندی کولیجه هه‌بوو، که زۆر شتی لێ فێر بووم. ئه‌و مامۆستایه ناوی سه‌ید عوڵای سه‌ید مینه بوو. ئه‌و کابرایه، تا بڵێی ده‌نگی خۆش بوو، له فۆلکلۆری کوردی و شێعری فارسی دا به ڕاستی شاره‌زا بوو.
مامۆستا هێمن له ساڵی ١٣١٧ دا ده‌ستی له خوێندن هه‌ڵگرتووه و چووه‌ته‌وه گونده‌که‌ی خۆیان و ده‌ستی کردووه به کار و کاسبی و کشت و کاڵ و ئاژه‌ڵداری. خۆی ده‌ڵێ که زۆر زوو فێری کار و پیشه‌ی کشت و کاڵی بووم، فێری به‌خێو کردنی وئه‌سپ سواری بووم. له‌و ماوه‌یه‌دا له گوند وه‌کوو جۆتیرێک مه‌شغوڵی کاری فه‌لاحه‌تی بووه، هاتو چۆی شاری مه‌هاباد یش کردووه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا له مه‌هاباد له‌گه‌ڵ لاوانی ڕۆشنبیری وه‌کوو، زه‌بیحی، کاک حه‌سه‌نی قزڵجی، نانه‌وازاده و ئیلاهی ده‌بێته ڕ‌فێق و هاوڕێی تێکۆشان له ڕێگای فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی کوردی دا. له ساڵی ١٣٢٠ دا ده چێته کۆڕی شاعیران و نووسه‌ران. خۆی ده‌ڵێ ،به‌ڵام بابی هه‌ر چه‌ند خۆی ئه‌هلی زه‌وق و ئه‌ده‌بیات بووه، به‌ڵام زۆری پێ ناخۆش بووه که مامۆستا ببێ به شاعیر. کاتێک که زانیویه هێمن شێعران ده‌نووسێ ده‌فته‌ره‌که‌ی لێ وه‌ر‌گرتووه، و خستوویه‌ته نێو ته‌ندووره‌وه، و سووتاندوویه‌تی. گوتویه « ده‌یه‌وێ له برسان بمرێ، شاعیری کار وشوغڵ نییه« مامۆستا ده‌ڵێ باشتر، که باوکم ئه‌و ده‌فته‌ره‌ی لێ سووتاندم، چونکه ئه‌گه‌ر بمایه ئێستا خۆشم ئه‌و جۆره شێعرانه‌م قه‌بووڵ نه بوو. له به‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌مووی لاسایی کردنه‌وه‌ی شاعیرانی کورد و فارس بوو، مایه‌ی هیچ له خۆم نه‌بوو.
هێمن له ساڵانی كۆتایی ته‌مه‌نیدا به‌هۆی پیری و نه‌خۆشی له مه‌هاباد و ورمێ نیشته‌جێ بوو و هێزه سیاسییه کوردییه‌كان، به‌هۆی هاوکاریی کورتخایه‌نی هێمن له‌گه‌ڵ هێندێک بیری سیاسی که سیاسه‌تێکی نادروست و چه‌وتیان به‌رامبه‌ر به گه‌لی کورد هه‌بوو، هه‌ڵسوكه‌وتێكی ناله‌باریان له‌گه‌ڵ هێمن كرد. خۆشبه‌ختانه ئێستا زۆر که‌س و لایه‌ن هێمن به شاعیری نه‌ته‌وه‌یی ناوده‌به‌ن٠
بەرهەمەکانی هێمن :
تاریک و روون ؛ شێعر و پەخشان
پاشەرۆك ؛ شێعر و پەخشان
توحفەی موزەففەرییە ؛ فۆلکلۆری کوردی ، کە کاری ئوسکار مانە و هێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی
شازادەوگەدا
قەڵای دمدم
هەواری خاڵی
چەپکێ گوڵ ، چەپکێ نێرگز
ئەفسانە کوردییەکان
ناڵەی جودایی