غەنی بلوریان

personen21

غەنی بلوریان کە لە ناو خەڵکی کوردستان دا بە "مامە غەنی" دەناسرا، لە دایکبووی ساڵی ١٣٠٢ی هەتاوی لە شاری مەهاباد بوو. وەک لاوێکی کورد دوای دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف و دواتر لە سەردەمی کۆماری کوردستان، لە ریزەکانی یەکێتی لاوان دا دەستی بە خەبات و تێکۆشان کرد و یەکێک بوو لە ئەکتەرەکانی شانۆی بە ناوبانگی دایکی نیشتمان. یەکێک بوو لەو لاوە کوردانەی کە بۆ خوێندن رەوانەی یەکێتی سۆڤیەت کرا بەڵام بە دوای روخانی کۆماری کوردستان، گەڕایەوە بۆ کوردستان و لە خەبات و تێکۆشان لە ناو ریزەکانی حیزبی دێموکرات و ژیاندنەوەی ئەم حیزبە دەورێکی گرینگی گێڕا. بەو هۆیەوە کەوتە ناو زیندان و بۆ ماوەی پتر لە ٢٠ ساڵ لە زیندانەکانی رێژیمی پاشایەتی دا بەند کرا. بلوریان لە زیندان دا وەک قارەمانێک بەرخودانی کرد و بەو هۆیەوە زیاتر لە ناو خەڵکی کوردستان دا جێگای رێز و خۆشەویست بوو.
لە سەروبەندی روخانی رێژیمی پاشایەتی، غەنی بلوریان لە لەگەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندان هاتە دەر و تیکۆشانی ئاشکرای خۆی لە ریزەکانی حیزبی دێموکرات دا دەست پێ کردەوە. لە کۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبەدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و دواتر بە ئەندامی دەفتەری سیاسی هەڵبژێردرا.
زۆری نەخایاند کە لە سەر گرتنەبەری شێوازی خەبات و لە هەلومەرجی ئەو کاتی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دا، غەنی بلوریان وێڕای شەش کەس لە ئەندامانی ریبەریی حیزبی دێموکرات، جیابوونەوەی خۆیان لەو حیزبە راگەیاند و بە ناوی "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران - پەیرەوانی کۆنگرەی چوار" درێژەیان بە تێکۆشانی خۆیان دا. دواتر ئەو حیزبەش سەرەڕای بڕوای بە خەباتی ئاشتیخوازانە، لە هێرش و سەرکوتی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەدوور نەما. بەرە بەرە رێکخراوەکە لێک هەڵوەشا و ئەندامەکانی بەشێکیان پێوەندیان بە ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە گرت، بەشێکیان لە ناوخۆ مانەوە و لەگەڵ درێژەدان بە چالاکیی فەرهەنگی و مەدەنی، وازیان لە تێکۆشانی حیزبی هێنا. غەنی بلوریان بۆخۆی چووە ناو حیزبی تودەی ئێران و دوای ماوەیەک لەو حیزبەش هاتە دەر و لە تاراوگە و دوا جار لە وڵاتی ئاڵمان گیرسایەوە.
غەنی بلوریان بیرەوەریەکانی خۆی لە توێی کتێبێک دا بە ناوی ئاڵەکۆک بڵاو کردۆتەوە.
پاشنیوەرۆی رۆژی چوارشەممە، ١٨ی رەشەممەی ١٣٨٩ی هەتاوی، مامە غەنی بە هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
بە پێی زانیاریەکان، تەرمی غەنی بلوریان لە سەر وەسیەتی خۆی رەوانەی کوردستان دەکرێتەوە و لە شاری هەولێر تەسلیم بە خاک دەکرێ٠