كوردستان و كورد لە سەردەمى ئیمپراتۆریى هەخامەنشیدا

am_list4

دواى ڕووخانی (دەوڵەتى ماد) كوردستان وەك خاك و كورد وەك نەتەوە، كەوتنە ژێر دەسەڵاتى (دەوڵەتى هەخامەنشی). ئەو دەوڵەتەى لەلایەن (كۆرشی كوڕى كەمبوجیە كوڕى كۆرش كوڕى جێشبیش كوڕى هەخامنش) لە ساڵى (550پ.ز) دامەزرا و بەناوی باپیرە گەورەیەوە (هەخامنش) ناو نرا (هەخامەنشى).
(كۆرش) لە دایكەوە كورد و كوڕى (ماندانا كچى ئەستیاگز)، دوايەمين پادشای دەوڵەتى ماد بوو، بەڵام تاجی پادشایەتی لە سەری دایكیەوە بۆ سەری باوكی گواستەوە. بەوەش خاوەندارێتیی دەوڵەتى لە كوردەكانەوە بۆ فارسەكان سەندەوە. كارەكەشى بەهۆی كودەتایەكەوە ئەنجام دا، كە لەلایەن (هارپاك)ى سەرۆك وەزیرانی دەوڵەتى مادەوە پشتیوانیی لێ كرا و ئەویان گەیاندە دەسەڵات.

بەو ڕووداوەش نەك كۆتایی بە (دەوڵەتى ماد) لە كوردستاندا هات، بەڵكوو هەوڵى دروستكردنەوەى دەوڵەتێكى كوردستانی لاى هاونەتەوەكانى كردە خەون. هۆیەكەش ئەوە بوو، كە دواى ئەو ڕووداوە نە كورد توانی هەستێتەوە و قەوارەیەكی سیاسیی بەهێز هاوشێوەی دەوڵەتەكەی پێشووی بنیات بنێتەوە، نە زلهێز و دەوڵەتانی سەردەستیش بواریان دا لەسەر خاكی كوردستان قەوارەیەكی سیاسیی تر دروست بكات.

لە كاتێكدا (كۆرشی هەخامەنشی) نەك تەنیا قەوارەیەكی سیاسیی بۆ نەتەوەكەی دروست كرد، ئیمپراتۆڕییەكی فارسیی وەهاشی بنیات نا كە بووە بناغەی یەكپارچەیی خاكی ئێران و یەكەمین دەوڵەتى فارسی لە مێژوودا. خودى ئەو دەوڵەتەش لەنێوان ساڵانی (550-330پ.ز)دا فەرمانڕەوایەتیی بەشێكی زۆری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی كرد و زۆرینەی خاكی كوردستان كەوتە ژێر دەسەڵاتی.

لەم نێوەندەدا، خاكى كوردستانى نێو ئەم دەوڵەتە بۆ (چوار) یەكەی كارگێڕى بەناوی (ویلایەت) دابەش بوون، ئەوانیش ویلایەتەكانی (میدیا، ئەدیابێنێ، كوردۆێنێ، ئاوسروێنێ) بوون. مەڵبەندی (ویلایەتی میدیا) شاری (ئەكباتانا) واتە (هەمەدانى ئێستا) و سنوورەكەی بەشێكى خاكى خۆرهەڵاتى كوردستان بوو. مەڵبەندی (ویلایەتی ئەدیابێنێ)ش شارى (ئەربێلا) واتە (هەولێر)ى ئێستا و سنوورەكەى بەشێكى خاكى باشووری كوردستان بوو. هەرچى مەڵبەندی (ویلایەتی كۆردۆێنێ)یە، شارى (ئامەد)ى باكووری كوردستان و مەڵبەندی (ویلایەتی ئاوسروێنێ)ش شارى (جزیرە)ی خۆرئاوای كوردستان بوو.

ئەمەو جگە لە چەندین مەڵبەندی كوردنشینی تر لە ویلایەتەكانی فارس و خوزستان و ئازەربایجان. بەم شێوەیەش خاكى كوردستان و پێكهاتەی كورد لەو دەوڵەتەدا، لەنێو چەندين ویلایەتى جياوازدا دابەش بوون، كە ئەوەش بووە بناغەی دابەشبوونی خاكی كوردستان لە چەندین ڕووەوە بۆ (چوار) بەشی جودا لە یەك. هەروەها كوردى لە هێزێكی دەسەڵاتدارەوە كردە پێكهاتەیەكی دابەشكراو و داگیركراو و ژێردەستە! بۆ ئەوەیش هەریەك لەو ويلایەتانە كار بۆ سەربەخۆیی خۆیان نەكەن و بیر لە یەكگرتنەوە و یەكێتییەكی نەتەوەیی نەكەنەوە، دەسەڵاتى سیاسیی وڵاتەكەی كردە ناوەندی. واتە دەسەڵاتی ویلایەتەكانی بە پایتەختى دەوڵەتەكەیەوە گرێ دا.

ئامانج لەو كارەش، سەندنەوەی دەسەڵاتى ناوچەیی بوو لە والی و ویلایەتەكان و بەستنەوەی بە پایتەختەكەیەوە، تا هیچ یەك لەوان لە كاروباری ناوخۆیی خاوەن بڕیار نەبن و بير لە جیابوونەوە نەكەنەوە. خودی دەوڵەتەكەش لە ماوەی دەسەڵاتیدا (چوار) پایتەختى گۆڕى، بۆیە والییەكانى ئەو (چوار) ویلایەتە و ئەوانى تريش، لە ماوەی دەسەڵاتى ئەو دەوڵەتەدا بۆ (چوار) پایتەخت گەڕانەوە. وەك ئەوەی سەرەتا پایتەختەكەى شاری (پاسارگاد)ى هەرێمی پارس، واتە (فارسى ئێستا) بوو. دواتر شاری (شووش) لەلایەن (داریوشی یەكەم/521-486پ.ز) لە هەرێمی خوزستان كرایە پایتەخت. بەدوایدا شارى (ئەكباتانا) و لە دوا قۆناغیشدا شاری (بابل) بووە پایتەختى دەوڵەتەكە.

بەو پێیەش چەقی دەسەڵاتى هەخامەنشی لەوپەڕی باشووری خاكی ئێرانەوە، بەرەو خاكى عێراقی ئیمڕۆ هات. لەو نێوەندشدا (دووان) لە پایتەختەكان، كە (شووش و ئەكباتانا)، كەوتنە نێو خاكی كوردستانەوە، بێ ئەوەی هیچ لە دۆخی خاك و نەتەوەكەی بگۆڕن.

لەنێو ئەو دۆخەشدا خێڵ و هۆزەكانی كورد وەك سەرجەم خێڵ و هۆزەكانى تر، كە بە (ساتراپ) ناسرابوون، لەپێناو مانەوەی هێز و دەسەڵاتى ناوچەییان و گەیشتن بە زیاتر، بەردەوام سەرقاڵى سەلماندنى پاكی و دڵسۆزیی خۆیان بۆ پادشا و ئەندامانى بنەماڵەى هەخامەنشی و بەرپرسانی دەوڵەت بوون، تا زياتر ملكەچیى خۆیان، بۆ بنەماڵە و دەوڵەتی هەخامەنشی بسەلمێنن. ئەوەش واي كرد، ئەوەندەی خێڵ و هۆزەكانى كورد خەریكی ڕازیكردنى گەورەكانی دەوڵەت بوون، كاریان بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە و سەربەخۆیی خۆیان و خاكەكەیان نەكرد. هۆكارێكى تریش، ململانێی ئەو خێڵ و هۆزانەی كورد بوو لەسەر دەسەڵات، كە هیچیان ئامادە نەبوون گەورەیی بەرامبەرەكەیان بەسەر خۆیاندا بسەلمێنن، لەكاتێكدا ئامادە بوون پادشا و بنەماڵەى هەخامەنشی و فارسەكان بە گەورەی خۆیان قبووڵ بكەن.

جیاواز لەوانەش، ئەوەندەی بۆ ئەوان گرنگ بوو گەورە و دەسەڵاتداری ناوچە و خاكی خۆیان بن و دەوڵەتێك پشتیوانییان لێ بكات، ئەوەندە بەلایانەوە گرنگ نەبوو، كێ دەیانپارێزێت؟ ئەمەو جگە لەوەی ئایینى فەرمیی ئەو دەوڵەتەش (زەردەشتی) و ئایینى زۆرینەی ئەو خێڵ و هۆزانەی كورد بوون، بۆیە لایەنی ئایینیش هۆكار بوو، كە پابەندی دەوڵەت و یاسا و بڕیارەكانی بن.

بەم شێوەیە خاكی كوردستان و پێكهاتەی كورد لەو دەوڵەتەدا لەنێوان ساڵانى (550-331پ.ز) مێژووییەكی لە ژێردەستەیی تێپەڕاند، تا ئەوەی شوێنەواری (گەوگەمێلا)ى نزیك قەڵاى ئەربێلا (هەولێر) بووە وێستگەی یەكەمی تێشكاندنی ئەو دەوڵەتە لەبەرامبەر هێزی یۆنانییەكان، بە سەركردایەتیی (ئەلیكساندەر كوڕى فێلپی مەكدۆنی) و دواتر ڕووخانی ئەو دەوڵەتە و دووركەوتنەوەی بنەماڵەی هەخامەنشی بۆ ئەبەد لەسەر شانۆی سیاسیی ئێران و خۆرهەڵاتى ناوەڕاست.